بەڕێوەچونی خولی فێرکاریی فەلسەفەی ڕۆژئاوا

13/10/2015
ڤه‌ژین

خولی فێرکاریی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لە ١٤ دانیشتندا بە بەڕێوەبەرێتیی بەڕێز: عەبدوڵلا ئەمینی* لە ناوەندی ڤەژین بەڕێوە چوو.

لەم خولەدا دا بە جەختکردن لە سەر فەلسفەی نوێی ڕۆژئاوا، لە دێکارتەوە تا نیچە خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

  • لە دوو دانیشتنی یەکەمدا تیشک خرایە سەر بنەما تیۆرییەکان و هەروەها تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی فەلسەفەی نوێ و جیاوازیی ئەم پارادایمە لە گەل فەلسەفەی کلاسیکدا.
  • دانیشتنی سێیەم و چوارەم تەرخان کرا بۆ باوکی فەلسەفەی نوێ، واتە: "دێکارت" و خاڵە سەرەکی و جیاوازەکانی فەلسەفەی ئەو بە وردی شیکرایەوە و دەرەنجامی لۆژیکیی بنەماکانی فەلسەفەی دێکارت وەک نوێنەر و بناتنەنری فەلسەفەی نوێ، لە لای فیلسووفەکانی پاش دێکارت دەستنیشان کرا.
  • لە دانیشتنەکانی تردا، لە سەر فیلسووفە "عەقلگراکان" (مالبرانش - ئیسپینۆزا - لایبنیتز) و جیاوازییەکانی بیر و ڕوانگەی ئەم فیلسووفانە دەرحەق بە پرسە فەلسەفییەکانی فیلسووفە ئەزموونگەراکان(لاک - بێرکلی - هیوم) باس کرا.
  • پاشان مشتومڕی نێوان هەردوو لایەنی (ئەزموونگەرا و ئەقڵفگەرا) و چۆنەتیی تاوتوێکردنیان لە فەلسەفەی کانت بە وردی خرایە بەر باس و لێکدانەوە و دەرئەنجامی هەبوونناسی مەعریفەناسیی (سۆبژێکتیویزمی) فەلسەفەی نوێ لە نێو چوارچێوەی فەلسەفەی کانت(مەعریفەناسی، ئەخلاق و ...) دەستنیشان کرا.
  • باس لە سەر ڕەخنەی کانت لە مێتافیزیک وەک"زانست" کە بوو بە هۆی بەستێنێک بۆ فەلسەفەی ڕەشبینانەی شوپێنهاور و دواتر ڕەخنەکانی نیچە لە سەر مێتافیزیکی زاڵ بە سەر چوارچێوەی گشت فەلسەفەی ڕۆژئاوادا لە سۆقرات بەملاوە و چۆنەتیی هەڵسوکەوتی نیچە لە گەل پرسە فەلسەفییەکان و پێشنیارەکانی ئەو بۆ دەربازبوون لە کۆسپانە شیکرایەوە،
  • لە ئاکامدا بە ئاوڕدانەوەیەکی گشتی بە سەر هەموو ئەو شتانەی لە سەرجەم دانیشتنەکاندا باسکرابوو، جارێکی تر لە سەر تایبەتمەندییەکانی فەلسەفەی نوێ جەخت کرایەوە.

شایانی باسە بە هۆی یەکدەست نەبوونی ئاستی بەشداربووانی ئەم خولە، سەرەڕای گرینگی فەلسەفەی "هێگێل"و نەتوانرا باس لە ئەو فیلسووفە بکرێت لە نیو فەلسەفەی نوێدا.

*عەبدوڵلا ئەمینی: دوکتۆرای فەلسەفەی ڕۆژئاوا.

دانانی بۆچوون

ناو:
ئیمەیل:
*
ماڵپەڕ:
بۆچوون:
*
بۆچوونەکەت لە دوای پەسەندکردن بڵاو دەبێتەوە.