بەیانیەی بەڕێوەچوونی کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە"

8/4/2019
ڤەژین

‍ بەیانیەی بەڕێوەچوونی

کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" لە لایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان

🔸هاووڵاتییانی بەڕێز!

🔸هاوشارییانی دڵسۆز و وەفادار!

🔹جارێکی تر زامەکانی نیشتمان کولایەوە و لێزمە بارانێکی بەهاری بوو بە بیانووی تووڕەیی سروشت و خورۆشی بەنداوە دەستکردەکان، ژیان و ماڵ و سامانی سەدان هەزار کەس لە هاووڵاتییانی بێ پەنای کردە قوربانیی کارەساتێکی چاوەڕوان نەکراو.

دەستدرێژی بۆ سەر ژینگە و قەڵاچۆ و پاکتاوی دارستانەکان و سازدانی سەدان بەنداوی هەوسار نەکراو و گوێ نەدان بە بنەماکانی شوێن و جێگای خانووبەرە و نەزانکاری و نادڵسۆزیی بەرپرسان، بوو بە هۆی لافاوێکی خورۆشان و بێ بەزەیی و چەند ناوچەیەکی بەرینی وڵاتی ئێران، بە تایبەت شار و گوندەکانی لوڕستانی خۆشەویستی، نوقمی لیتاوی قەیران و لێقۆمان و ماڵوێرانی کرد.

🔹دوابەدوای ئاگاداریی خەڵکی دڵسۆزی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و بە تایبەت جەماوەری بەشەرەفی شار و گوندەکانی مەریوان و هەورامان لە قووڵایی و بەربڵاوی کارەساتەکە، سەرەڕای دۆخی نالەباری ئابووری و دەیان قەیرانی تر، قۆڵی هاوسۆزی و یارمەتییان لێ هەڵماڵی و بۆ یەک ساتیش لوڕستانی ئازیزیان بە تەنیا جێ نەهێشت.

مەریوان بۆ چەندەمین جار سەلماندی کە شاری دڵسۆزی و میهرەبانی، شاری یەکیەتیی ڕێکخراوەکان و شاری "شەریف" و "ئومێد"ە و بۆ هەتاهەتایە ئاڵای شەهیدانی هەرگیز نەمری نیشتمان هەر شەکاوە ڕادەگرێ.

🔹ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان وەک ویژدانی هوشیار، بەرپرس و دلۆڤانی جەماوەر و تەنیا ناوەندی جێی متمانەی خەڵک، بوون بە پێشەنگ و بە بێ دوودڵی و لەوپەڕی سۆز و هاوخەمی، بە یەکگرتووییەکی بێ وێنە، بۆ کۆکردنەوە و هەناردنی یارمەتییەکان، دەواری کەمپەینی "لوڕستانەکەم – زاگرۆس چاوەڕێمانە"ی لە مەیدانی باوەڕەشی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ (١٣ تا ١٧ی خاکەلێوە) هەڵ دا و بە شێوازێکی ڕێکخراوەیی و شارستانییانە، پێداویستی لێقۆماوانی لوڕستانی بە مەزەندەی دەیان ملیۆن تمەن کۆ کردەوە و لە ڕێگەی بارهەڵگرە خۆبەخشەکانەوە بەرەو جەرگەی کارەساتەکە بەڕێ کرد.

ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ دابەشکردن و گەیاندنی یارمەتییەکانی خەڵکی بەشەرەفی مەریوان و هەورامان بە دەستی لافاولێدراوانی لوڕستانی، چەند تیمێک لە ئەندامانی کەمپەینی بەرەو لوڕستان بەڕێ کرد و بە دامەزراندنی ناوەندێکی تایبەت لە شاری "مەعموولان"، بە ئەرکی دڵسۆزانەی خۆی هەستا. ئەندامانی کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" تا بڵاوکردنەوەی دوایین وەجبەی کەلوپەل و پێداویستییەکان لە ناوچە ئەمێننەوە.

🔹ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، لە هەمبەر ئەو هەموو دلۆڤانی و هاوسۆزی خەڵکی دڵاوا و نیشتمانپەروەری مەریوان و هەورامان و گوندەکانی، بە تایبەت ئاوایییەکانی نێ، ئەڵمانە، هەنجیران، تفڵی، شارانی، سێف ژووروو و ...، سەری ڕێز و نەوازش دائەنەوێنێت و شانازییان پێوە دەکات.

💥خاکەلێوەی ٢٧١٩

🔸ئەنجومەنی فەرهەنگی - ئەدەبیی مەریوان

🔸ناوەندی فەرهەنگی - هونەریی ڤەژین

🔸ناوەندی زانستی - فەرهەنگیی ڕۆنان

🔸ئەنجومەنی خەڵكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان – ژیانەوە

🔸ئەنجومەنی سەوزی چیا

🔸ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی ڕۆجیار

🔸ئەنجومەنی سڵامەتی ژین

🔸یانەی کوردەواری

🔸ئەنجومەنی نمایشی مەریوان

🔸یەکیەتی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان - یەمامە

🔸ئەنجومەنی پیشەییی موعەلمان(مامۆستایان) مەریوان

دانانی بۆچوون

ناو:
ئیمەیل:
*
ماڵپەڕ:
بۆچوون:
*
بۆچوونەکەت لە دوای پەسەندکردن بڵاو دەبێتەوە.