بەیانییەی کۆتایهاتنی کاری کەمپەین لە شاری مەعموولانی لوڕستان

17/4/2019
ڤەژین

خەڵکی بەشەرەفی هەرێمی زاگرۆس!

ئەو لافاوە ماڵوێرانکەرەی کە ناوچەکانی لوڕستان و ئیلامی گرتەوە، زیانێکی گیانی و ماڵیی زۆری لێ کەوتەوە و دیتنی ماڵ کاولی و ڕەنج و ئازاری دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دڵی هەموومانی تەزاند. هەر بۆیە دوابەدوای کارەساتەکە، ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە زۆربەی شارەکانی ناوچەکەدا هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی یارمەتییان بە ناوی «زاگرۆس چەشەڕەموونە» ڕاگەیاند. لە ڕاستیدا هەڵمەتی «زاگرۆس چەوەڕێمانە» هەڵقوڵاوی هەست بە بەرپرسیارەتی و دڵسۆزیی خەڵک بوو و هەر لە سەرەتای ڕاگەیەنرانیەوە بە دروشمی «گەیاندنی یارمەتیی خەڵکی لە ڕێگای خەڵکەوە بە دەستی خەڵک» هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ کە بتوانێت زامێک لە لێقەوماوان ساڕێژ بکات. ئەو هەڵمەتە جارێکی تر دەری خست کە هەر وەک چۆن لە شایی و هەڵپەڕکێدا شان لە شان و دەست لە دەستین، لە کاتی لێقەوماندا ڕیزەکانمان پتەوتر دەبن و دەستەکانمان توندتر یەک دەگرن.

کەمپینی «زاگرۆس چەوەڕێمانە» هاوکات لەگەڵ کۆکردنەوەی یارمەتییە خەڵکییەکاندا، بە لەبەر چاو گرتنی ئاستی زیانەکان لە ناوچەکەدا، بۆ دابەش کردنی یارمەتییەکان کەمپی ناوەندیی خۆی لە شاری مەعموولان دامەزراند. ئێستایش کە یارمەتییەکانی خەڵک بەو پەڕی ئەمانەتەوە بە دەستی خەڵکی مەعموولان و ئاواییەکانی دەور و بەری و هەر وەها خەڵکی چەند ئاواییەکی شاری دلفان و شاری پولدوختەر گەیشتووە، ڕایدەگەیەنین کە کەمپی مەعموولان کۆتاییی بە چالاکییەکانی خۆی دەهێنێت. جێی ئاماژەیە کە دوو کەمپی پولدوختەر و ئیلام هەتا ڕادەست کردنی ئەمانەتییەکانی خەڵک درێژە بە چالاکییەکانی خۆیان دەدەن.

ئێستا کە کەمپی مەعموولان کۆتاییی بە کاری خۆی دێنێت، سەری ڕێز لە بەرانبەر خەڵکی مەعموولان و ئاواییەکانی دەور وبەریدا دادەنەوێنین کە بە هاوکاری لەگەڵ چالاکاندا، یارمەتییان دا ئەمانەتییەکانی خەڵک دروست دابەش ببن و سپاسی ئەو چالاکە مەدەنییانەی ناوچە دەکەین کە لە دامەزراندن و ڕێکوپێک کردنی کاروباری کەمپ دا، یارمەتییان داین. هەر وەها سپاسی هەموو ئەو ڕۆڵە دڵسۆزانەی شارە کوردستانییەکان دەکەین کە بەوپەڕی لەخۆبوردووییەوە لە یارمەتیدانی خەڵکدا بەشدار بوون و تەنانەت بۆ هەندێک ئاواییی دوورەدەست بە کۆڵ یارمەتییەکانیان گواستەوە. هیوادارین هەڵسوکەوتی دڵسۆزان و چالاکانی نێو کەمپ کارنامەی قبووڵی لە خەڵک وەربگرێت و لە ئاستی ئەو متمانەیەدا بووبێت کە پێیان کراوە.

شۆرای بەڕێوەبەریی کەمپینی زاگرۆس چەشەڕەموونه -کەمپی مەعموولان

دانانی بۆچوون

ناو:
ئیمەیل:
*
ماڵپەڕ:
بۆچوون:
*
بۆچوونەکەت لە دوای پەسەندکردن بڵاو دەبێتەوە.