هەواڵ

ئیمساڵ کۆڕی شەوی یەلدا لەلایەن ئەم ناوەندەوە بەڕێوە ناچێت

ئیمساڵ کۆڕی شەوی یەلدا لەلایەن ئەم ناوەندەوە بەڕێوە ناچێت

هاووڵاتییانی بەشەرەف!

زەوی دەسووڕێت، شەوگار هەڵدەکشێت و بەرەبەرە لە شەوی یەلدا نزیک دەبینەوە. یەلدا لە فەرهەنگی زاگرۆسیدا نەک وەک تاریکترین شەوی ساڵ بەڵکوو وەک سەرکەوتنی گەرما و ڕووناکی و لەدایکبوونەوەی خۆرەتاو گرنگیی پێ دراوە. هەر بۆیە ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین بە تین و ڕووناکیی دڵی خەڵکەکەیەوە لە نوێ کردنەوە و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدادا ڕچەشکێن بووە. بەڵام بەداخەوە ئیمساڵ پرچی سپیی دایکانی ڕەشپۆش و دڵی لە لێدان کەوتووی لاو و تازەلاوانی شارەکەمان، بێدەنگی و تەمی ماتەمێکی بەسەر شاردا کێشاوە، کە هیچ چەمەری و لاواندنەوەیەک سوکنایی بە شار نادات. هەموومان هێشتا کڕ و مات و حەپەساوی شەقامی سوور هەڵگەڕاو بە خوێن بووین کە سەرما و بەستەڵەک هەواڵی کۆستی لەشی سەرمابردووی بەسەرماندا ڕووخاند. شار بەتێکڕا تازیەباری ئەو ڕۆڵانەی خۆیەتی کە ژیانیان بە پاروویەک نان گۆڕییەوە.

ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین لەگەڵ ئەوەیدا کە خۆی بە بەشدار و هاوخەمی پرسە و ماتەمی شار دەزانێت، ڕای دەگەیەنێت کە ئیمساڵ کۆڕی شەوی یەلدا لەلایەن ئەم ناوەندەوە بەڕێوە ناچێت و ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی خەڵاتی بەڕووی زێڕین-یش بۆ کات و ساتێکی گونجاو وەدوا دەخرێت. تاریکی و بەستەڵەک لە گیانتان دوور و دڵتان بە گەرما و ڕووناکیی هەتاو زیندوو بێت.

ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین

٢٩ی سەرماوەزی ٢٧١٩