بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا هەواڵی کۆچی دوایی دوو کەسایەتیی نیشتمانی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتیی شاری مەریوانمان بیست.
جەنابی مامۆستا «مەلا عارف مودەڕەسی» و جەنابی «شێخ ڕەشید حوسەینی» دوو کەسایەتیی شوێندانەری ئایینی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتیی شاری مەریوان بوون کە بە درێژایی تەمەنی پڕدەسکەوتیان، خزمەتی ڕاستەقینەی فەرهەنگ، ئایین و ئەدەبی ئەم نیشتمانەیان کرد و دڵسۆزانە پێنووسی خۆیان لە پێناو بووژانەوەی هەستی بەرزی نیشتمانی و ئایینی خەڵکی ناوچەی مەریوان بە کار هێناوە و لە ڕێگای ئافراندن و بەرهەمهێنانی دەقی ئەدەبی و فەرهەنگی خزمەتی گەل و نیشتمانیان کردووە.
بۆیە لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژینەوە بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەم دوو کەسایەتییە بەرز و نیشتمانییە، سەرەخۆشیی خۆمان لە هەموو خەڵکی مەریوان، ئەنجوومەن و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەین.
ڕۆحیان شاد و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێت.
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین
٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢١