هەواڵ

پەیامی ناوەندی ڤەژین بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد نەزیری

پەیامی ناوەندی ڤەژین بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد نەزیری

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بە ناوی خۆم و هەموو ئەندامانی ناوەندی فەرهەنگی - هونەریی «ڤەژین» لە شاری مەریوانی قانێعەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان بە بۆنەی کۆچی دوایی زانای پایە بەرز و نیشتمانپەروەر، خوا لێخۆشبوو «مامۆستا ئەحمەدی نەزیریی» ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی و هەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەت هەورامانی سەربەرز دەکەین و لە خوای گەورە داواکارین ڕۆحی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئۆقرەیش بە بنەماڵەی بەڕێزی ببەخشێت.

بێگومان خۆشەویستیی نیشتمان و گیانبازیی لە پێناویدا، یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندیی هەر کۆمەڵگایەکی خۆ ئاگایە و لە هەموو شوێن و قوژبنێکی ئەم جیهانە پان و بەرینەدا، خۆشەویستیی نیشتمان وەک بەهایەکی دان پێدارو چاوی لێ دەکرێ و خەڵکانی نیشتمان خۆشەویست، لە هەموو کات و زەمەنێک ڕێز و حورمەتی تایبەتیان لە نێو جەماوەر و گەلەکەیان هەیە و بەپێچەوانەیشەوە، دژبەرانی گەل و وڵات ڕووبەڕووی نەفرەت و ڕەقی هەمیشەییی گەل دەبنەوە.

لە کوردستانی ئێمەدا، هەموو چین و توێژێکی ئەم کۆمەڵگایە بە هەر شێوەیەک بۆی لوا بێت لە ئاست وڵات و نیشتمان، خۆشەویستیی و دڵسۆزیی خۆی نیشان داوە و ئەم خۆشەویستییە بە شێوازی جۆراوجۆر ڕەنگدانەوەی بووە.

یەکێک لە کاریگەرترینی ئەو توێژانەی کە خزمەت و دڵسۆزییان لە ئاست خۆشەویستیی نیشتمان حاشاهەڵنەگرە، مامۆستایانی نیشتمانپەروەری ئایینی و پەروەردە کراوانی حوجرەکانی کوردستانن. مامۆستایانی ئایینی کوردستان بە هەست بە بەرپرسیاریەتی لە ئاست فەرهەنگ و کەلەپووری وڵاتەکەیان، قۆڵی هیممەتیان هەڵماڵیوە و لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە خزمەتی زمان و فەرهەنگی گەلەکەیان کردووە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوە و گەشەی ئایینی پیرۆزی ئێسلام لە زۆربەی وڵاتانی دەورووبەری دوورگەی عەربیی و وەرگەرتنی ئایینی نوێ لە لایەن خەڵکی ئەو وڵاتانەوە، هەبوونی ناوەندێکی زانستیی لە پێناو ئاشنا بوون لەگەڵ بنەماکانی ئایینی نوێ، وەک پێوستییەکی حاشاهەڵنەگر هاتە بەر چاو و لە زۆربەی وڵاتانی موسوڵمان ئەم جۆرە ناوەندانە هاتنە دامەزراندن. کوردستانیش وەک بەشێک لە هەرێمی ئیسلامیی، یەکێک لەو شوێنانە بووە کە لە هەر کون و قۆژبنێکی وڵاتەکەیدا ئەم ناوەندە ئیسلامییانە - کە نێوی «حوجرە»یان لە سەر دانرا - دامەزراون و مامۆستایانی ئایینی سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی کتێبە دەرسییەکان بە زمانی عەرەبی بوون و هەن، بەڵام شرۆڤە و لێکدانەوەی نێوئاخنی کتێبەکانیان لە پێناو باشتر تێگەیشتنی فەقێکان، بەزمانی کوردیی دەکرد و لەم ڕێگەوە خزمەتێکی پڕ بایەخیان بە زمان و کەلەپووری کوردیی کردووە.

ئەوەی ڕاستی بێت، حوجرەی فەقێکان تا بەر لە سەرهەڵدانی شەپۆلی نەتەوەخوازی لە کوردستان و هێنانە گۆڕی مافە نەتەوایەتییەکان لە لایەن بزاڤە سیاسی و ڕووناکبیرییەکانەوە، تاکە ناوەندی پارێزگاری لە زمان و کەلتووری نەتەوەیی بوون و مامۆستایانی ئایینی، بنەماکانی ئیسلامیان بە زمانی زگماکی بە خەڵک گەیاندووە و فەقێ و مامۆستای کورد بە پۆشینی جل‌وبەرگی کوردی و ئاخافتن بە زمانی ڕەسەنی کوردیی ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ئینکیشاف و پاراستنی زمان و کەلتووری نەتەوەیی نواندووە.

«مامۆستا ئەحمەدی نەزیریی» یەکێک لەو پەروەردە کراوانەی حوجرەکانی کوردستان بووە کە وێڕای نەخۆشیی و ناساقی جەستەیی، بێ وچان لە هەوڵی ڕزگارکردنی پەرتووکە تۆزاویەکانی نێو پەستووی ماڵان بووە. بڵاو کردنەوە و لێکدانەوەی ڕەچەشکێنانەی «دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی» و هەروەها کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی پاشماوەی شیعر و بەسەرهاتەکانی شاعیری نەتەوەییمان «مامۆستا قانێع» لەو یادگارە بەنرخانەی تێکۆشانی فەرهەنگیی مامۆستا نەزیریی دێنە ئەژمار.

زەحمەتی لەبیرنەکراوی مامۆستا نەزیریی لەمەڕ بووژانەوە و پەرەپێدانی جێگە و پێگەی مێژوویی و فەرهەنگیی هەورامان لە کولییەتی مێژوو و فەرهەنگی کوردستاندا، هەڵگری پەیامێکی زۆر گرینگ لە وێناکردنی ڕوانگەی سیستمی بەنیسبەت ڕۆڵ و کاریگەریی زمان و فەرهەنگی ناوچە ڕەنگینەکانی کوردستان لە دەوڵەمەند کردنی فەرهەنگ و کەلەپووری نەتەوەکەمانە و ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە کوردستان وڵاتی پێکەوە ژیان و جوگرافیای شێوەزمانە کوردییەکان و ئایین و ئایینزاکانە و جیاوازیی لە شێوەزار و ئایین و ئایینزا هیچکات نابێتە هۆی لێکترازان و دووبەرەکیمان.


ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین