کۆچی دوایی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س

5/8/2013
ڤه‌ژین

کە کەو ئەمرێ

دوای خۆی بۆ شاخ

چەند قاسپەیەک بەجێ دێڵێ... .

تریفەی هەڵبەست لە سەفەرە پڕ ئەزموونەکەی خۆیدا، لە نێو دەریای وشەی کوردیدا گەیشتە دوا کەناری خۆی و ئارامی گرت و ڕەنگی مەرگ بردی بۆ ئەو شوێنەی لە جێی زمان بێدەنگی تێیدا قسە دەکات و لە جێگەی با پەنهانییەک تێیدا هەڵئەکات.

بەو پەڕی خەم و داخەوە هەواڵی کۆچی هاوارێکمان بیست و بەو هەواڵە تازیەباربووین: شاعیری ئازادی، شاعیری ئەنفال و هەڵەبجە، شێرکۆ بێکەس، لە ڕۆژی ١٣ ی گەلاوێژدا، پاش شەڕێکی دژوار لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجەدا، ماڵئاوایی لە نیشتمان کرد.

شێرکۆ بێکەس بە تاقیکردنەوە و ئەزموونی بەردەوام لەنێو جیهانی شیعردا، وەکوو کەڵەشاعیرێک دەرکەوت کە نەک لە جیهانی شیعری کوردیدا بەڵکوو لە ئاستی شیعری جیهاندا خۆی نەمر کرد. کاریگەریی شێرکۆ نەک هەر لەباری زمانەوە بەڵکوو لەباری گرێدانەوەی ئەدەب بە مێژوو و ڕووداوەکانی کۆمەڵگاکەیەوە بەرچاوە و بەردەوام لە ڕێگای شیعرەوە هاواری نەتەوەکەی بەرز کردووەتەوە. تێکۆشانی بەردەوامی شێرکۆ بۆ نووسینەوەی بیری نوێ و وشەی نوێ لە بەرهەمەکانیدا ئاشکرایە و لە تەمه‌نی ئەدەبیی خۆیدا و بە بەرهەمەکانی خۆی، شیعری کوردیی چەند هەنگاو بەرەو پێش بردووە.

شێرکۆ بێکەس نەک هەر وەکوو شاعیر بەڵکوو وەک مرۆڤێکی ڕۆشنبیر لە ئەنفال و هەڵەبجەدا و لە ساتەوەختە دژوارەکانی تردا، هەڵوێستی خۆی نواندووە و گەرووی خۆی کردووە بە جۆلانەی هاوار بۆ بەرەوڕووبوونە لەگەڵ چەوساندنەوە و ستەمدا.

ئێستا لەشی شێرکۆی شاعیر و شێرکۆی مرۆڤ، بەرگەی شەڕی لەگەڵ شێرپەنجەدا نەگرتووە و ماڵئاوایی لە ئێمە و زمانە خۆشەویستەکەی کردووە و پاش خۆی چەند چەپک شیعری نازدار و جوانی بۆ شیعری کوردی بە جێ هێشتووە. گەڕانەوەی لەشی بۆ باوەشی خاکی دایک، توانەوەی دەنگی لە بێدەنگیدا، خەسار و کەلێنێکی گەورەیە بۆ زمان، ئەدەب و ڕۆشنبیریمان. لە زاری هەڵەبجە و شیعر و نیشتمانەوە بەو پەڕی پەژارەوە ماڵئاواییی لێدەکەین و بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە نووسەران، ڕۆشنبیران و هەموو کۆمەڵگای کوردستان دەکەین.

ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین

ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان

ناوەندی زانستی-فەرهەنگیی ڕۆنان

دانانی بۆچوون

ناو:
ئیمەیل:
*
ماڵپەڕ:
بۆچوون:
*
بۆچوونەکەت لە دوای پەسەندکردن بڵاو دەبێتەوە.