سپاسنامەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ بەشداریی خەڵکی مەریوان لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی شەهیدانی ژینگە

20/8/2018
ڤەژین

به ‌ناوی مه‌زن یه‌زدانی دڵاوای دڵانوان

"سپاس و پێزانینێ بە قەد باڵای بەرزی بڕوا و مرۆڤدۆستیتان "

" ژینی کورتم دی پڕاوپڕ لە شانازی و شەرەف

عومری زۆرم دی کە دوایی هات بە ڕیسوایی و نەدەم "

هەواڵی لە ناکاوی شەهید بوونی پڵنگە چنگ بە گڕەکانی هێڵی بەرگری، خەمێکی گرانی خستە نێو دڵمانەوە و خەسارێکی گەورە بوو لە سەر ڕۆح و گیانمان. دەنگۆی نەگەڕانەوەی سوارچاکانی گیان لە سەر جەستەی ژینگە؛ شەریف باجوەر، ئومێد حسەین زادە (کۆنەپۆشی)، موحەمەد پژووهی و ڕەحمەت حەکیمی‌نیا، زۆر بە خێرایی دڵی هەموو لایەکی تووشی پەژارەیەکی قورس کرد و خەسارێکی گەورەی لە بزووتنەوەی مەدەنی ئەم نیشتمانە دا.

خەم، پەژارە و نەهامەتی وا هاتبوو کە چۆکمان پێ دا بدات، کەچی دەنگی بەرزی هەنگاوی پتەوی هەزاران کەسیی هۆزی ڕووناکیی لە دوور و نزیکەوە بە هاناوە هاتن و پاشەکشەیان پێکرد.

ئامادەبوونی پڕ شکۆی ئێوەی ئازیز و خرۆشی جەماەریتان بۆ خاوەندارێتی لە تەرمی ڕۆڵەکانتان، بوو بە هێز و توانای هەڵگرتنی ئەو ئازارە قورسە. پەیامی هاوخەمیتان بوو بە چرای هەڵکراوەی تا هەتایی ماڵی دڵمان، بۆیە لە نێو زەریای خرۆشاوی ئێوەدا، هەر لە یەکەم ساتەکانی کارەساتەکەوە تا ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی پڕ لە شکۆ و شانازی و مێژوویی و بەشداریی یەکگرتووانە لە پرسە و سەرەخۆشیدا، ئێمەی بنەماڵەی هەڵۆبەرزەفڕەکانی نیشتمان، خۆمان وەک دوو دڵۆپ بینییەوە لە زەریای یەکدەنگی و یەکدڵیتاندا.

جەماوەری بە ئەمەگ و بە وەفای کوردستان، مرۆڤدۆستان و ژینگەپارێزانی سەر گۆی زەوی، مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی قوتابخانەکان، ڕێکخراوە ژینگەیی و مەدەنی و فەرهەنگییەکان، هونەرمەندان، ڕووناکبیران، شاعیران ، نووسەران ، کرێکاران، کاربەدەستان، خوێندکارانی قوتابخانە و زانکۆکان، وەرزشوانان و شاخەوانان، وێنەگران، ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران، کەسایەتییە بە ناوبانگەکان، خزم و کەس و کاری دوور و نزیک و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا؛

پێزانینی هەنگاو بە هەنگاوی هاوخەمیتانین و پەیامی پرسە و ماتەمینیتان چ ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگای نووسراوە و دەنگ و ڕەنگتانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گەیشتە دەستمان و تا هەتایە بۆ هەموومان ئەبێ بە ورە و هێزی درێژەدان بە ڕێگای پیرۆزی شەهیدانی ژینگەپارێزمان کە ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و پاراستنی ژینگەمان بوو.

ئێوە بوون کە بەرپرسیارانە هاتنە ڕیزی ڕێزلێنان لەم شەهیدانە و ئاڵای بەرزی خزمەت بە گەل و ئینسانییەتتان شەکاوەتر کرد. زۆر سپاسی هەڵوێستی پڕ دەربەستیتان لە پێناو هێشتنەوەی واتاکانی ژیاندا ئەکەین. ئێوە فێرتان کردین ژینگەپارێزان موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە و هەر هەموومان شینگێڕ و پرسەگێڕیانین.

خاوەنی پرسەی شەهیدان ئەو مرۆڤانەن کە لە وانەی هەرمانیان دەگەن و بە هەموو مانایەکەوە باوەڕیان بە ڕێگاکەیان هەیە، هەر بۆیە لە وڵات بە وڵات و شار بە شار و گوند بە گوند کۆڕگێڕی ماتەمینی ئازیزانمانن.

لێرەوە داوای لێبوردنتان لێ ئەکەین، گەر بە هۆی باری دەروونیمانەوە لە بەر ئەو کۆست و هەرەسەوە نەمانتوانی بێت بەو شێوەیەی کە شیاوی گەورەیی ئێوەی ئازیزمان بێت لە خزمەتتاندا بین و لە نزیکەوە ماڵاوایی و بەخێرهاتنی یەک بە یەکتان بکەین.

کاتێ کە دوا ساتەکانی بەرگری و سووتانمان بیر کەوتەوە، بۆ ئەوە گەرووی شەهیدانی ژینگەپارێزمان بە گزنگ تەڕ بکەین و زامەکانیان بە شیلان، ببین بە هەنگاو بۆ پاراستنی سروشت و ژینگە و سروود بۆ ئاوەدانی و داهاتوویەک ڕووناک بچڕینەوە.

کاتێ یادی ئەم شەهیدانەمان کردەوە بەڕوویەک بچێنین و باوەشی مێهرەبانی بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ و گیاندار ئاوەڵا بکەین و هێلانەیەک ساز بکەین.

بە بڕوای سەوز و بەرزی مرۆدۆستی، تەنانەت تەورەکانیش فێری واتای سەوز و ژیان بکەین.

لە بەرانبەر هەر نەیاریی و کاولکارییەکدا، خاوەنی دەنگی دلێر و هەڵوێستی بەرز بین.

ئەم خاڵانە بەئەمەگترین وەڵاممانە بۆ ڕۆحی بەرز و جەستەی ئاگرینی ڕۆڵەکانمان.

لە کۆتاییشدا جارێکی دیکە، ئەوپەڕی سپاس و پێزانینی بێکۆتایی بۆ خەڵکی بەشەرەفی مەریوان و سەرجەم بەشداربووان، کە لەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و دان بە خۆداناندا هەوڵتاندا ئەم ڕووداوە مێژووییە لە کەشوهەوایەکی هێمن و مەدەنیدا بە ڕێوە بچێت.

" لای هەڵـــــــۆی بەرزەفڕی بەرزەمژی

چۆن بژی شەرتە، نە وەک چەندە بژی"

بنەماڵەی شەریف باجوەر

بنەماڵەی ئومێد حسەین زادە (کۆنەپۆشی)

ئەنجومەنی سەوزی چیا

ڕێخراوە مەدەنییەکانی مەریوان

دانانی بۆچوون

ناو:
ئیمەیل:
*
ماڵپەڕ:
بۆچوون:
*
بۆچوونەکەت لە دوای پەسەندکردن بڵاو دەبێتەوە.